پارێزگاری هەولێر سەردانی بۆرسەی بازرگانی دیاربەکر لە باکووری کوردستان کرد
پارێزگاری هەولێر سەردانی بۆرسەی بازرگانی دیاربەکر لە باکووری کوردستان کرد.
رۆژی چوارشەممە (1ـی ئایاری 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شارى ئامەد لە باکووری کوردستان، سەردانی بۆرسەی بازرگانی دیاربەکرى کرد و لەلایەن ئەنگیل یەشیل، سەرۆکى بۆرسە و ئەحمەد ئاى، سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى بۆرسە پێشوازى لێکرا.
لەسەرەتایی دیدارەکەدا، لەلایەن سەرۆکى بۆرسە و سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى بۆرسەى بازرگانى دیاربەکر، کورتەیەک لەسەر کار و چالاکییەکان و مێژووى دامەزراندن و بەنامەى کار و پلانى بۆرسەى بازرگانى دیاربەکر لە بوارەکانى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى و دابینکردن و هەناردەکردنى خۆراک خرایەڕوو.
پاشان لەلایەن پارێزگارى هەولێر، تیشكی خرایەسەر بەرەوپێشبردنى زیاتر و چاکترکردنى پەیوەندییە ئابوورییەکان و چۆنیەتى بەهێزکردنى و ڕایگەیاند: "بەشداریمان لە پیشانگاى میزۆپۆتامیا لە شارى خۆشەویستى دیاربەکر، ئامانج لێى خزمەتکردن و پەرەپێدانى پەیوەندییکانمانە لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان و بۆ ئەومەبەستەش لە پەراوێزى پیشانگاکە چەندین دیدار و کۆبوونەوەى گرنگمان هەبووە".
ئومێد خۆشناو وتیشى: دڵنیای دەدەین کە پرسى کشتوکاڵ و دانەوێڵە و سامانى ئاژەڵى، لە ئەولەویەتى کارى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستاندایە و بۆ خودی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش جێگەى بایەخ و گرنگییە.
پارێزگارى هەولێر، لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەیدا هەموو ئەو هۆکار و گرفتانەى خستەڕوو کە بەشێک بوونە لە دروستکردنى بارودۆخێکى نەخوازراوى زیان گەیاندن بە کەرتى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان، لەوانە ڕاگواستنى گوندنیشینان لە سەردەمى ڕژێمى لەناوچوو و گەمارۆى ئابوورى و سیاسەتى وڵاتى ناوچەکە، گوتیشى هێشتا مەترسیەکان لەسەر ئەوکەرتە ماوە، لەوانەش گۆڕانکتارییەکانى کەش و هەوا، کە نەک بۆ هەرێمى کوردستان بگرە هەڕەشە و مەترسیە بۆ سەرجەم وڵاتانى جیهان.
