سودانى، فەرمان بە یەکلاکردنەوەی ئەو ئاستەنگیانە دەکات کە رووبەرووی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەبێتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی کرد و تیایدا تاوتوێی دوایین هەنگاوەکانی تایبەت بە بەدواداچوونی پڕۆژەکە و ئامادەکردنی پێداویستییەکان کرا بۆ بەردەوامبوون لە دۆسیەکانی.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:-لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگای گەشەپێدان پڕۆژەی دەوڵەتی عێراقە بە هەموو بەرژەوەندی و خواستەکانی گەشەی ئابووری گەلەکەمان و ناکرێت بۆ لایەنێک یا بەرپرسێک و وەزارەتێک یان کەرتێکی دیاریکراو هەژمار بکرێت و جەختی لە کراوەیی عێراق بۆ بەشداریکردنی وڵاتانی دراوسێ و دۆست کردەوە، هەروەها یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی چوار لایەنەی ئەم دواییە کە لەم بارەیەوە واژۆکراوە دەبێتە بنەمایەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی کارەکانی پڕۆژەکە بە وردی.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران فەرمانی بە لابردنی ئەو ئاستەنگییانە کرد کە لەبەردەم پڕۆژەی ڕێگاکەیە لەگەڵ پارێزگاکان و وەزارەتەکان لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی بە وەزیری گواستنەوە کرد بۆ یەکلاکردنەوەی پەسەندکردنی ئەو دیزاینانەی کە پەیوەستن بە پڕۆژەی ڕێگاکەوە لەگەڵ پارێزگا و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان.
هەروەها فەرمانی بە وەزیری پیشەسازی و کانزاکان کرد بۆ تەواوکردنی تێڕوانینە پەیوەستەکان بە شێوەی شارە پیشەسازییەکان کە لە هەردوو دیوی ڕێگاکە دادەمەزرێن و پێوەرەکانی دیاریکردنی شوێنەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ ڕاوێژکاری تایبەتی پڕۆژەکە.
لەڕووی پلاندانانەوە بۆ ڕێگای وشکانی و ڕێگای خێرا کە بۆ ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر دیاری کراوە، بەڕێز سودانی فەرمانی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکان و کارە گشتییەکان کرد بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئیتاڵی بۆ یەکلاکردنەوەی هێڵی کۆتایی ڕێگای پێویست.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی گومرگ ستانداردکردن و کۆنترۆڵکردنی کوالیتی و دەروازە سنورییەکان و هەموو لایەنە کەرتییە پەیوەندیدارەکانی تر بۆ چارەسەرکردنی وردەکاری و ڕێوشوێنەکانی پرۆسەی گواستنەوە کە بەرەو چوونە ناو خاکی عێراق ئەنجام دەدرێت یان بە بەکارهێنانی ڕێگای گەشەپێدان کە لە عێراق دەردەچێت و جێگیرکردنی باجی گومرگی و پێداویستییە بازرگانی و کارگێڕییەکانی پەیوەست بەم چالاکییە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد لەگەڵ فەرمانگەی ڕاوێژکاری یاسایی لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دانانی تێڕوانینێکی یاسایی یەکخراو بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە و جێگیرکردنی لایەنە یاساییەکانی پەیوەست بە کارپێکردنی.
