سودانی پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆمکاری عەرەبی دەکەین بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکەمان لەبارەی میوانداریکردنی لوتکەی داهاتوو لە بەغدا
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران رایگەیاند پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆمکاری عەرەبی دەکەین بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکەمان لەبارەی میوانداریکردنی لوتکەی داهاتوو لە بەغدا.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆک وەزیرانە:-
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بە ناوی کۆماری عێراق بە حکومەت و گەلەوە، گەرمترین پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆمکاری عەرەبی دەکەین بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکەمان لە لوتکەی عەرەبی لە خولی سی و دووەمیدا بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی لوتکە و لە سی و چوارەمین خولی ئاساییدا، بە سەرۆکایەتی عێراق لە بەغداد و لە ساڵی 2025، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ برایانمان لە کۆماری عەرەبی سوریا دەردەبڕین، کە دەستبەرداری سەرۆکایەتی خولی داهاتوو بوون لە بەرژەوەندی عێراقدا.
برایانمان شا و سەرۆکەکان و سەرۆکی شاندە عەرەبییەکان، جارێکی دیکە دەبنە میوانی بەغدادی مێژوو و شارستانیەت، ئەمەش درێژەپێدەری ڕێبازی وڵاتەکەمانە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی ڕۆڵی مێژوویی و گرنگی عێراق و کۆڵەکەی ئاشتی و برایەتی و سەقامگیری و خاکی لێکنزیکبوونەوە، کە کرداری هاوبەشی عەرەبی لەسەر دەچەسپێنرێت و دەرفەتی گەشەپێدان تێیدا گەشە دەکات و تێڕوانینی داهاتوو بۆ گەشەپێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان دادەڕێژرێت.
عێراق بە ئەو هەڵوێستە بنچینەییە و ڕێبازە عەرەبی ئیسلامییە کە پێی ناسراوە کار دەکات، بۆ پشتگیریکردنی پرسەکانی نەتەوەکە، بەمەبستی ئاسانکردنی ڕێگاکان و خستنەگڕی هەموو هەوڵەکان بۆ سەرخستنی لوتکەی بەغداد / 2025، و دڵنیابوون لەوەی کە کۆبوونەوەکان و بڕیار و دەرئەنجامەکانی گواستنەوەیەکی ئەرێنی پێکدەهێنێت و هەنگاوێک دەبێت بۆ پێشەوە بۆ بەدیهێنانی پێداویستییەکانی گەلانی عەرەبیمان لە قۆناغێکی مەترسیداری ڕێپێوان و بوونیان.
بەغداد براکانمان لەخۆدەگرێت لەسەر ڕێگای سەرخستنی پرسەکانی گەلەکانمان و دەبێتە چەترێک بۆ هاوبەشی و کارکردن، بەمەبەستی گەشەپێدانی بەردەوام و سەقامگیری کە داهاتوو مسۆگەر دەکات.
داواکارین لە خودای مەزن سەرکەوتوومان بکات
محەمەد شیاع سودانى
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
16ی ئایاری 2024
