سیروان بارزانی هۆشداری لە زیادبوونی جموجۆڵی ئەندامانی داعش دەکات
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە "گوێڕ - مەخموور"، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئاڤا نیوز ڕاگەیاند: جموجۆڵەکانی داعش بەردەوامە، بەڵام چالاکیی سەربازییان کەمترە، بوونیان هەیە و لە ناوچەکەش دەبینرێن لە بەرامبەردا پێشمەرگەش هەموو کاتێک لە ئامادەباشی تەواو دایە و هەماهەنگییەکی زۆر باشیشمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە.
لەبارەی هاوکارییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، سیروان بارزانی ڕایگەیاند: هاوکارییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بەردەوامە.
شایەنی باسە، ماوەیەکە جموجۆڵەکانی داعش زیادی کردووە، بە تایبەت لەم چەند هەفتەی ڕابردوو چەند جارێک هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوپای عێراق و زیانی گیانیان بە هێزەکان گەیاندووە و دوێنێ چوارشەممە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە ناوچەی دووزخورماتوو لە باشووری پارێزگای کەرکووک، ئەفسەرێکی سوپای عێراق کە کوردە گیانی لەدەستدا.
