وەزارەتی دارایی ناردنی زانیاریی 453 فەرمانبەری هەرێم بۆ بانکی بازرگانی عێراق راگەیاند
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ پێنجشەممە (23ـی ئایاری 2024) ڕایگەیاند ، "ئەمرۆ پێنجشەممە، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من و بە پشتبەستن بە ڕێکكەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاریی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دوەمین هەفتەی لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی 453 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان".
وەزارەتەكە دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی موچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لەنێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردوەو هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات".
ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتەو زانیاری پێویستە دەربارەی پرۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و چاپکردنی کارتەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا هەفتەی رابردو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابو، هیوادارین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بەزوترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات.
