دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری ماددەی هۆشبەری راگەیاند
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری ماددەی هۆشبەری راگەیاند، كە بەنیازبوون 11 كیلۆگرام هێروین بگوازنەوە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دیكە.
دەزگای ئاسایش لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای بەدواداچوون و چاودێریی وردی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لەشەوی 20ـی ئایاری 2024، لەدەرەوەی سلێمانی نزیک شارەدێی عەربەت لە ئۆپراسۆنێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، دوای رووبەڕووبوونەوە توانرا دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن.
ئەوەش ئاشكراكراوە، ئەو دوو تۆمەتبارە بەنیازی گواستنەوەی بڕی 11 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری "هیرۆین" بوون بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوە.
دەزگای ئاسایش روونیشیكردووەتەوە، لەئەنجامی رووبەرووبونەوەکەدا ئۆتۆمبێلەکە و سەرجەم ماددە هۆشبەرەکە سوتان و تۆمەتبارانیش دەستگیرکران و رووبەڕووی یاسا کرانەوە.
باس لەوەشكراوە، لەئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی 26 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.
