سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد توێژینەوەیەک ئامادە بکرێت بۆ بەکارهێنانی ڕێگای گەشەپێدان لە گواستنەوەی نەوت و غازدا
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی کرد، بە ئامادەبوونی وەزیری گواستنەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت و کارەبا و پەیوەندییەکان و ڕاوێژکارانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ڕێوشوێنە جێبەجێکارەکانی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان خرایەڕوو و بەدواداچوونیان بۆ بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پێشوو کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەک دەربارەی ڕێڕەوی خزمەتگوزاری لە پڕۆژەکەدا کرا، کە ڕێڕەوی هێڵەکانی کێبڵی بینایی و هەردوو ڕێڕەوەی هێڵەکانی نەوت و غاز و ڕێگاکانی گواستنەوەی کارەبا و وزەی نوێبووەوە لەخۆ دەگرێت و لەم بارەیەوە بەڕێز سودانی فەرمانی بە وەزارەتی نەوت کرد لێکۆڵینەوەیەکی ڕاوێژکاری ئامادە بکەن بۆ بەستنەوەی پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت بە تێڕوانینێکی ستراتیژییەوە بۆ بەکارهێنانی ڕێگای گەشەپێدان لە گواستنەوەی نەوت و غاز و هەناردەکردنی بەپێی نەخشەی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان، بەڕێزیان فەرمانی بە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد، بیرۆکەکان وەربگرن و خوێندنەوەی بۆ بکەن و هیچ بڕیارێک نەدەن جگە لە ڕێگەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر لەخۆگرتنی پڕۆژەکە لە بودجەی وەزارەتی پلاندانان و دۆسیەی نوێکردنەوەی ترانزێت و گومرگی کرا و بڕیار درا کە کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی وشکانی، لە ئێستادا ئەرکی گواستنەوەی کاڵا بۆ ڕێگای گەشەپێدان لەئەستۆ بگرێت.
