رێنماییەکانی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە
رێنماییەکانی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
بڵاوکراوەی ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، کە لە 28ـی ئایاری 2024 بڵاوکراوەتەوە، 6 رێنمایی و 7 بەیانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدایە، یەکێک لەو رێنماییانەی بڵاوکراونەتەوە، رێنمایی دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا.
رێنماییەکە لە پێنج ماددە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەرو شوێن و نرخی زەوییەکان.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت، نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەمشێوەیە دەبێت: نرخی یەک مەتر دووجا لەناو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت، نرخی یەک مەتر دووجا لەناو قەزاکان: 3 هەزار دینار دەبێت. هەروەها نرخی یەک مەتر دووجا لەناو ناحیەکان: 2 هەزار دینار دەبێت. و هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
رێنماییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
