چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی نزیک ڕۆژی دادگای کردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دیاریی بکرێت
بەشدار حەسەن، پارێزەری ڕاسپێردراو لەسەر دۆسیەی سلێمان ئەحمەد، لە لێدوانێكی میدیایدا ڕاگەیاند، "ئێمە وەک تیمی پارێزەران توانیمان دووجار سلێمان ئەحمەد لە زیندان ببینین و توانیمان وەکالەتەکەی بۆ بکەین و بەفەرمی بووینە پارێزەر لە دۆسیەکەی".
وتیشی: "سەبارەت بە دۆخی تەندروستی سلێمان، ئەو زۆر باش بوو هیچ کێشەیەکی تەندروستی و دەروونی نەبوو".
سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەوانی بەشی عەرەبی ماڵپهری ڕۆژنیوز و دانیشتووی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 25ـی مانگی 10ـی ساڵی ڕابردوو، کاتێک لە ڕۆژئاواوە دەگەڕیتەوە هەرێمی کوردستان لە سێمێلکای سەر سنور دیارنامێنێت، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ لەدیارنەمانی، لەچەند ڕۆژی ڕابردوو تیمێک لە پارێزەران و خێزانەکەی توانیان لە زیندان سەردانی ئەو ڕۆژنامەوانە بکەن.
جگە لەبەیاننامەیەکی ئاسایشی دهۆک لەڕۆژی 30ـی 10ـی 2023 لەسەر ئەم دۆسیەییە کە تیایدا سلێمان تۆمەتبار کرابوو بەئەندامبوون لە ڕیزەکانی "پارتی کرێکارانی کوردستان"، ڕاگەیەندراوێکی دیکە لهلایهن لایهنه پهیوهندیدارهكانهوه سەبارەت بەو ڕۆژنامەنوسه بڵاونەکراوەتەوە.
بەشدار حەسەن وتی: "هەندێ وردەکاری ناو دۆسیەکەی هەیە نامانەوێت لە ڕاگەیاندن باسی بکەین، بەڵام لەهەوڵداین لەماوەیەکی نزیکدا ڕۆژی دادگایی کردنەکەی بەهاوکاری لەگەڵ دادگای تاوانی دهۆک کاتێکی نزیک بۆ دادگایی کردنەکەی دابنێین، چونکە ئیتر ئەوراقەکانی لە ئاسایش نەما ئیحالە بوون، چاوەڕێین لەم دوو هەفتەیەدا کاتی دادگاییکردنی دیاری بکرێت و مژدەی ئازادی ڕابگەیەنین".
