سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئێرانی كرد
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئێرانی كرد كە لە پارێزگارانی پارێزگاكانی هاوسنووری هەرێمی كوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەرانی ناوچەكە لە پەرلەمانی ئێران پێكهاتبوو.
لە كۆبوونەوەكەدا بەپێی ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتی هەرێم، هەردوولا خۆشحاڵییان بە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەربڕی و جەختیان لە فراوانكردنی جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆ و گواستنەوە لە دەروازە سنوورییەكان كردەوە، هەروەها چەند پێشنیارێک بۆ زیادكردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و فراوانكردنی زیاتری هاریكاریی لە بوارەكانی پزیشكی و گەشتیاری، لەگەڵ كردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەنێوانیاندا تاوتوێ كرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە هاوبەشییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرن و خواستی دوولایەنەیان بۆ برەودان بە هەموو بوارەكانی پەیوەندی و هاریكاریی هاوبەش دووپات كردەوە.
