باندێکی بازرگانییکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ لە بەغدا دەستگیرکران
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لەبارەی ئەنجامدانی چەند چالاکییەکەوە لە بەغدای پایتەختی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەییەکەدا هاتووە، باندێکی بازرگانییکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ لە بۆسەیەکی هێزە ئەمنییەکاندا لە ناوچەی شورتەی ڕابیعە-زراعی لە کەرتی کەرخ دەستگیرکران، یەکێک لە ئەندامەکانی ئەو باندەش ژنە.
هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە ڕێگەی ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی و پشکنینی ناوچەکان، بە پەشتبەستن بە زانیاریی وردی دەزگا و ئاژانسە هەواڵگرییەکان، سێ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندییکردن بە چهكدارانی داعشەوە دەستگیر کردووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستگیرکردنی ئەو سێ تۆمەتبارە لە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگیریی وردبوو، کە تۆمەتبارەکان لە ناوچەکانی شوعلە و حەی جامیعەی بەغدا نیشتەجێن.
