بافڵ تاڵەبانی دەستبەکاربوونی بۆ فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.
لەمەراسیمێکدا لە بارەگای هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە پێشمەرگەی دێرین عومەر عوسمان، باوكی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و سەرخێڵ كەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش ئامادەبوون، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ موقەدەم دیار عومەر، وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.
تاڵەبانی لە مەراسیمەکەدا ستایشی رۆڵی قارەمانانە و دڵسۆزانەی شەهید ئاکامی کرد لە پاراستنی خاکی کوردستان و چەسپاندنی یاسا و یادەوەرییەکی ئەو فەرماندە تێکۆشەرەشی وەبیرهێنایەوە و وتی: شەهید ئاکام پێیگوتم ئەوەی دوای من دێت، زۆر بەهێزتر و ماندوونەناسانەتر پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکات، توندتر بەگژ گەندەڵیدا دەچێتەوە و پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا دەکات.
بافڵ تاڵەبانی لە بەشێکیتری وتەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن بۆ موقەدەم دیار عومەر، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەکرد لەبەرامبەر راپەڕاندنی ئەرکەکانی رابردووی و راشیسپارد، وەک هەمیشە و بەهەمان رۆحییەتی شەهید ئاکامەوە پارێزەری خاکی کوردستان بن، کۆماندۆی کوردستان ئەمانەتی فەرماندە ئاکامە و دەبێت هەمووتان هاوشێوەی ئەو سەرڕاست و ئەمەکداربن بۆ یەکێتی و کوردستان.
