هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکەیەکیان لە سنووری عێراق و سوریا تێکشکاند
ڕوانگەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا دوێنێ شەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاند کە هەوڵی داوە بنکەی ئەلتەنف لە سێگۆشەی عێراق، سوریا، ئوردن بکاتە ئامانج کە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبرێت.
ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا رایگەیاند، "هێزی بەرگری ئاسمانی لە بنکەی تەنەف-ی هێزەکانی ئەمەریکا کە دەکەوێتە ناوچەیەکی 55 کیلۆمەتری لەسەر سنووری سوریا و ئوردن و عێراق ڕووبەڕووی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە کە لەلای ڕۆژهەڵاتی بنکەکە چووە ناو ئاسمانی ناوچەکە، لەوێ هەوڵی ئەوەی دەدا بنکەکە بکاتە ئامانج پێش ئەوەی بەرگری ئاسمانیەکانی بنکەکە وێرانی بکات".
شایەنی باسە، ئەو هەوڵە بۆ ئامانجکردنی بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دێت کە ئێوارەی هەینی ڕابردوو شوێنەکانی گرووپەکانی سەر بە ئێرانیان کردە ئامانج لە ئەلبو کەمال لەسەر سنووری سوریا و عێراق، کە بووە هۆی کوژرانی 3 کەس لە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.
