دەیان سەربازی سوپای تورکیا لە گوندی کێستە لەسنووری قەزای ئامێدیی پارێزگای دهۆک بینران
شەوی دوێنێ دووشەممە، دەیان سەربازی سوپای تورکیا لە کانی ماسی و گوندی کێستە لەسنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بینران.
ئەم سەربازانە لە کوچەو کۆڵانەکانی کانی ماسی و کێستە لە دهۆک بینراون بە چەندین چەکی جۆراوجۆر بەبێ ئەوەی هۆکاری گەڕانیان بزاندرێت.
لەکاتێکدا چەندین ساڵە سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و زیاتر لە چل بارەگای سەربازی بۆخۆی و هێزەکانی لە پارێزگای دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر دروستکردووە بە بیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەکاتێکدا هێرشە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 130 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا و لەسەرتای ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێکخراوەی CPT، دە هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمانە تەنها ژمارەی ڕاگەیندراوەکانە، لەبەرامبەردا چەندین هاوڵاتی تری مەدەنی لە شەنگال کراونەتە ئامانج.
