گروپێکی چەکداری داوایکرد دەستبەجێ هێزەکانی تورکیا خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بەجێبهێڵن
گرووپی چەکداری "فەیلەق ئەلوەعد ئەلسادیقون" کە سەر بە مقاوەمی ئیسلامی عێراقە لە بەیاننامەیەکدا داوایکرد دەستبەجێ هێزەکانی تورکیا خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بەجێبهێڵن.
لە بەیاننامەی ئەو گرووپە چەکداریە کە تێیدا هەڕەشەی لە سوپا و هێزەکانی تورکیا کرد هاتووە، "هێزکانی تورکیا دەستدرێژی و داگیرکارییکی دڕندانی نوێیان بۆ گوندەکان ئەنجامداوەو بوونەتە هۆکاری تۆقاندنی هاوڵاتیانی عێراقی بەبێ ئەوەی پێشتر هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و بەبێ ئاگاداری هاتونەتە خاکی عێراق و لە بێدەنگی حکومەت سەرسامین".
لە بەیاننامەکەی ئەو گرووپە چەکداریەی سەر بە مقاوەمی ئیسلامی عێراق هاتووە، "هەرێمی كوردستان لەبێ دەنگی و هەڵوێستی پشتیوانی کرد لەم داگیرکەرانەدا و مقاوەمی عێراق ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ دەرکردنی داگیرکەران لەخاکی عێراق هەروەک چۆن لەگەڵ ڕێکخراوەی تیرۆریستیی داعشی کرد، هەر کەسێک بێت و لەکوێ بێت".
فەیلەقی وەعدی سادیقون لەکۆتاییی بەیاننامەکەی ئاماژەی بەدەوا، داوا دەکەین پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاسایی و بەپەلەدا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو هێرشانەو دەستدرێژیانە ڕابگەیەنێت و پێویستە هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا دەستبەجێ لە خاکی عێراق بکشێنەوە بۆ پاراستنی خوێن و شکۆی هێزەکانی.
شایەنی باسە، شەوی دووشەممەی ڕابردوو، دەیان سەربازی سوپای تورکیا لە کانی ماسی و گوندی کێستە لەسنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بینران، ئەو سەربازانە لەکوچەو کۆڵانەکانی کانی ماسی و کێستە لە دهۆک بینراون بە چەندین چەکی جۆراوجۆر بەبێ ئەوەی هۆکاری گەڕانیان بزاندرێت.
لەکاتێکدا چەندین ساڵە سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و زیاتر لە چل بارەگای سەربازی بۆخۆی و هێزەکانی لە پارێزگای دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر دروستکردووە بە بیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەکاتێکدا هێرشە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 130 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا و لەسەرتای ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێکخراوەی CPT، دە هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمانە تەنها ژمارەی ڕاگەیندراوەکانە، لەبەرامبەردا چەندین هاوڵاتی تری مەدەنی لە شەنگال کراونەتە ئامانج.

كلمات مفتاحية
- فەیلەق ئەلوەعد ئەلسادیقون
- عێراق
- مقاوەمی ئیسلامی عێراق
- کوردستان
- سوپای تورکیا
- هێرشەکانی تورکیا
- هەرێمی کوردستان
- ئامێدی
- پەکەکە
