سوپای تورکیا دەیان تانک و زریپۆشی نوێی هێناوەتە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای تورکیا لەشکرکێشی نوێی هێناوەتە قەزای ئامێدی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک، هەروەها دەیان تانک و زریپۆشی و ئۆتۆمۆبێلی سەربازی سوپای تورکیا لە ئامێدی و دەوروبەری بینران.
لەکاتێکدا ماوەى چەندین ڕۆژە فڕۆکەکانی تورکیا بەچڕى بۆردوومانى ناوچە جیاوازەکانى سنوورى دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر و باکووری پارێزگای سلێمانی دەکەن و جگە لەوەش لەشکرێشی گەورەی کردۆتە ناوچەکە و چەندین بازگەیان لەسنووری دهۆک داناوە و داواى ناسنامە لە هاوڵاتیان ئەو ناوچانە دەکەن.
چەندین ساڵە سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و زیاتر لە چل بارەگای سەربازی بۆخۆی و هێزەکانی لە پارێزگای دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر دروستکردووە بە بیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەکاتێکدا هێرشە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 130 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا و لەسەرتای ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێکخراوەی CPT، دە هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمانە تەنها ژمارەی ڕاگەیندراوەکانە، لەبەرامبەردا چەندین هاوڵاتی تری مەدەنی لە شەنگال کراونەتە ئامانج.
