ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵوێستی نەگۆڕ دەبێت بەرامبەر پرسی ئەتۆمی ئێران
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە دانوستان لەگەڵ ئێران لەدوای بوونی مەسعود پزشکیان بە سەرۆکی ئێران، ڕاگەیاند و وتی: ئێستا هیچ بەرنامەیەکمان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران نییە و دەبێت ببینین کە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران چ هەوڵێک دەدات.
جان کۆربی سەبارەت بە پرسیارێک لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەمەریکا ئامادەیە دانوستاندنی ئەتۆمی درێژە بدات یان دانوستانی نوێ لەگەڵ ئێران دەستپێدەکات؟ وتی: "نەخێر، ئێمە ئامادە نین بەهۆی گۆڕینی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بگەڕێینەوە سەر کورسی دانوستاندن سەبارت بە پرسی چەکی ئەتۆمی"، هەروەها وتیشی: کۆشکی سپی گۆڕانکارییەکانی ئێران شوێنگیری دەکات و ئەمەریکا درێژە دەداتە پاڵپشتی لە بەرژەوەندی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەشڵێت: ئێران بەردەوامە لە پاڵپشتی کردنی تیرۆریستەکانی حەماس وحیزبولڵا و حوسییەکان، هەروەها ڕووسیاش و هەڵوێستی ئێمە لەو پرسە نەگۆڕ بووە.
