هاونێک لەگوندی گوهەرزێ کەوتەخوارەوە و خەڵکی ئەو ناوچەیە خۆپشاندانیان دەستپێکرد
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هاونێک لە گوندی گوهەرزێ لە ئامێدی کەوتەخوارەوە کە ناوچەی شەڕی نێوان هێزەکانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەهۆیەوەش خەڵکی گوندی گوهەرزێ لە سنووری ئامێدی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و ڕێگای سەرەکی ئامێدی و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەرییان داخست و داوا دەکەن هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان رابوەستێت.
بەهۆی هاتنی سوپای تورکیا لەم چەند رۆژەی دوایدا بۆ پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ناوچەی دێکما و دواتر بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکاران لە ناوچەکەدا سەدان خێزانی ناوچەکە ئاوارەبوون.
شایەنی ئاماژەیە، لەماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، هێزەكانی سەر بە سوپای توركیا بەرەو ناوچانەكانی بالیتی و كانی ماسی و چیای مەتین و گوندەكانی برادۆست لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر رۆیشتوون و لەشکرکێشیان بەردەوامە، لەکاتێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمەڵێک هاونشتیمانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ دهۆک و خاکی هەرێمی کوردستان، کە لە میدیای فەرمی حکومەتی هەرێم بڵاوکرایەوە دەڵێت: "قبوڵی ناکەین هیچ کەس دەست بۆ یەک بست لە خاکی هەرێمی کوردستان ببات".
زانیاری زیاتر…
چەندین ساڵە سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و زیاتر لە چل بارەگای سەربازی بۆخۆی و هێزەکانی لە پارێزگای دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر دروستکردووە بە بیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەکاتێکدا هێرشە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 130 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا و لەسەرتای ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێکخراوەی CPT ئەمریکی، دە هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمانە تەنها ژمارەی ڕاگەیندراوەکانە، لەبەرامبەردا چەندین هاوڵاتی تری مەدەنی لە شەنگال لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کراونەتە ئامانج.
