وەزیری کۆچبەرانی عێراق داخستنی تەواوی کەمپەکانی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند
ئیڤان جابرۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی تەممووزی 2024) ڕایگەیاند، "هەموو کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی لەژێر ڕێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق مەحەممەد شەیاع سودانی و جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران داخران بۆ کۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وتیشی: نکۆڵی لەوە ناکەین کە هێشتا خێزانی ئاوارە لە سلێمانی هەن، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان نزیکەی 1800 خێزان بوون لە کۆی 2500 خێزان کە لە کەمپەکاندا دەژیان، هەروەها هەندێکیان بڕیاریاندا لە سلێمانی نیشتەجێ بن.
هەروەها ڕایگەیاند: نزیکەی 22 هەزار خێزانی ئاوارە لە سلێمانی دەژین، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ حکومەتی ناوخۆی سلێمانی کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەکی تایبەت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنیان کە ئایا دەیانەوێت لێرە (سلێمانی) نیشتەجێ بن یان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، جگە لە ئاوارەکانی ناوچەی جرف ئەلسەخار کە دەکەوێتە سنووری بەغداد کە ناوچەکە تا ئێستا سەقامگیری تێیدا نییە.
بەوتەی ئیڤان جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کەمپەکانی ئاوارەی ماون تەنها لە دهۆک و هەولێرن و سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی کۆچی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار پێکهێناوە و دوێنێ ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی میکانیزمێک کە لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت سەبارەت بە داخستنی کەمپەکانی دهۆک و هەولێر.
ئیڤان جابرۆ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاوارە ئێزیدییەکان لە کەمپەکانی دهۆک بڕیاری ئەوەیان هەیە کە یان بگەڕێنەوە ناوچە ڕەسەنەکەی خۆیان، یان ناوچەیەکی جێگرەوە هەڵبژێرن، بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران"، هەروەها جەختیشی کردەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە دهۆک 800 فۆرمی تۆمارکراو وەرگیراوە لە کەمپەکانی دهۆک بۆ نیشتەجێبوون لە دهۆک یان هەڵبژاردنی ناوچەیەکی جێگرەوە یان گەڕانەوە بۆ شەنگال.
