ڕوونكردنەوەیەک لە هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر کوشتنی مێرد منداڵێک لەناو شاری سلێمانی
ڕوونكردنەوەیەک لە هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر کوشتنی مێرد منداڵێک لەناو شاری سلێمانی.
هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، لەپێناو سەروەربوونی یاسا "كوڕانی كۆماندۆی كوردستان" تۆمەتباری كوشتنی مێرد منداڵەكەی شەوی ڕابردووی گەرەكی ڕاپەرینی شاری سلێمانی ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ڕاپەرین كرد، پەیامێكیش بۆ ئاغاكانی پەیج و میدیا سێبەرەكانی (دەركراوەكان)ـی نێو حزبی شەهیدان، بیریان دەخەینەوە ئەوانیش لەپێناو سەروەربوونی یاسا لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەركران.
لە ڕاگەیاندراوەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو تۆمەتبار (فەیزوڵا فەتحووڵا محێدین) پێشمەرگە لە هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان، كە تۆمەتبارە بە كوشتنی مێرد منداڵ (شا ڕەوەندە بابا عەلی) لە گەڕەكی ڕاپەرین، لەپێناو سەروەر بوونی یاسا و لەسەر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندە دیار عومەر وەلی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان، لەڕێگەی بەشی یاسایی فەرماندەییمان تۆمەتبار ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ڕاپەرین كرا.
هەروەها هاتوووەش، هاوكات بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوەش، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری شا ڕەوەندە بابا عەلی دەكەین و لە خوای گەورە داواكارین ئەو مێرد منداڵە، كە لە سەرەتاكانی تەمەنیدا بوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبووری و ئارامی بەدڵی باوک و دایک و خانەوادە بەڕێزەكەی ببەخشێت.
کۆماندۆی کوردستان دەشڵێت، دڵینایی دەدەینە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، كە بەردەوامین لە پاراستنی خاك و خزمەتكردنی خەڵك و پارێزگاریكردن لە سەروەربوونی یاسا و هەرگیز كوڕانی كۆماندۆی كوردستان لەخزمەتكردن بە گەل و نیشتمان ڕاناوەستێت و باش لەوە تێدەگەین، كە ئاغاكانی (دەركراوەكان)ی نێو حزبی شەهیدان لە ڕێگەی پەیج و میدیا بەكرێ گیراوەكانیانەوە چاویان بە سەركەوتنەكانی كۆماندۆی كورستان هەڵنایە، هەر ڕۆژە و تۆمەتێك دەبەخشنەوە، بیریان چووە لە 8ـی تەمموزدا ئاغاكانیان لەپێناو سەروەربوونی یاسا دەركران، بۆیە دەبێت لەداهاتووشدا باجی تۆمەت بەخشینەوەش بدەن و داهاتوو ئەوە دەسەلمێنێت.
كلمات مفتاحية
- کۆماندۆی کوردستان
- هێزەکانی کۆماندۆ
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- هەشتی تەمموز
- هەرێمی کوردستان
- سلێمانی
- شا ڕەوەند بابا عەلی
