ئاسایشی هەرێم تۆمەتی سووتاندن و تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی دەخاتە ئەستۆی پەکەکە
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم تۆمەتی سووتاندن و تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی دەخاتە ئەستۆی پەکەکە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن، لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ـی تەممووزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حیزبییان (ئەکرەم ساڵح) لە شاری کەلار کردە ئامانج.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، ئەو گرووپە تێکدەرە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی بەرگری لە کوردستانیان بە ئامانج گرتووە کە بەشێکیان شەهید بوون و لە بەشێک لەکارە تێکدەرانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و پووچەڵ کراونەتەوە، ئەو گرووپە بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، ڕقی خۆیان هەڵڕشتووە و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە کاسبکاران و هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەرێمی کودستان.
ئەم گرووپە بوونەتە ئامرازێک بۆ بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کاری نایاسایی لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم واشدەڵێت، ئەم سەرەڕۆییەی گرووپی تێکدەری پەکەکە، داهاتووی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاردانەوەی نەرێنی و نەخوازراو بەدوای خۆیدا دێنێت، بەردەوامیدان بەو کردەوانە بێوەڵام نابێت و سەرکردایەتیی گرووپەکە بەرپرسن لە هەر لێکەوتە و کاردانەوەیەک.
شایەنی باسە، دوێنی دووشەممە لە کەلار ئۆتۆمبیلی لاندگرۆزی ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی پارتی لە بەرامبەر ماڵەکەی ئاگری گرت و سووتا، هەروەها ئەم بەرپرسەی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: "گومانم هەیە كە لە ڕێگەی كۆنتڕۆڵەوە و لە دوورەوە كە چاودێریم كرابێت، ئۆتۆمبێلەكە تەقێندرابێتەوە".
كلمات مفتاحية
- پارتی دیموکراتی کوردستان
- هەرێمی کوردستان
- حکومەتی هەرێم
- ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم
- پەکەکە
- پارتی
- ئەکرەم ساڵح
- کەلار
