سواڵکەر و فاڵگرەوە و ئەوانەى لەبەردەم پیشانگاى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن دەستگیردەکرێن
ئەنجومەنی پارێزگاى هەولێر بڕیاریداوە
لەمڕۆوە سواڵکەر و فاڵگرەوە و ئەوانەى لەبەردەم پیشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن و لە ترافیكەکان کەل و پەل دەفرۆشن دەستگیردەکرێن.
پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، بە فەرمانى پارێزگارى هەولێر، لەسەر داواکارى و گلەیی و گازاندەى هاوڵاتییان و لەپێناو نەهێڵانى دیارەدەى ناشارستانى و لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە ڕوونەدانى ڕووداوى نەخوازرا و دوور لە ئادابى گشتیى و بەهۆی سەرپێچیی و پابەند نەبوون بە بڕیار و ڕێنمایەکان، لە ئەمڕۆوە چوارشەممە 17ـی تەمموزی 2024، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هەڵمەتی دەستگیركردنى سواڵکەر و فاڵگرەوە و هەموو ئەوانەى لەبەردەم پیشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن و ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەى لە ترافیكەکان کەل و پەل دەفرۆشن دەستیپێکرد.
هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ئافرەتانەی بەبیانوی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باکوورى شارى هەولێر هەن و هەموو ئەو منداڵ و مێرد منداڵانەى کە لە ترافیكەکان کەل و پەل دەفرۆشن و ئەوانەشى کە لە بەردەم پیشەنگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن، دەستگیردەكرێن و ڕێكاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.
