بافڵ تاڵەبانی: هەموو هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێدانە لە خواستی خەڵک و هەرێم
بافڵ تاڵەبانی، لە دەباشان پێشوازی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووە.
لەو دیدارەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان تاوتوێکران و مەکتەبی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی ڕایگەیاندووە، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان و گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
مەکتەبی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی پابەندیی یەکێتیی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی حوکمڕانی پێویستیان بە گۆڕانکارییە، هەڵبژاردنیش باشترین بژاردەیە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و پاراستنی مافی هەموولایەک، بۆیە هەموو هەوڵێک بۆ دواخستنی پڕۆسەکە، لێدانە لە خواستی خەڵک و زیانگەیاندنە بە هەرێمەکەمان.
لەبارەی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە، بافڵ تاڵەبانی جەختی لە خێراترکردنی هەنگاوەکان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کردەوە و رایگەیاند، هیوادارین هەنگاوەکان لەخزمەت خەڵک و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیاندابن، مافی هەموولایەک پارێزراو بێت و ئیرادەی دەنگدەران پشتگوێ نەخرێت، بەپێچەوانەوە بەتوندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە مافی دەنگدەران و ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پێشێل بکات. دڵنیایی دەدەینە کەرکووک و کەرکوکییە سەربەرزەکان کە سازش لە مافەکانیان ناکەین و رێگەنادەین چارەنووسیان بەرەو هەڵدێر ببرێت.
بافڵ تاڵەبانی لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی ئەمەریکا راشیگەیاند، یەکڕیزی و یەکگرتووییمان زامنی بەهێزی و مانەوەمان دەکات، بۆیە هەمیشە دەرگای گفتوگۆ و کاری هاوبەشمان کراوەبووە و پێشوازیمان لە هەر هەوڵێک کردووە کە ئامانجەکەی خزمەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکە خۆشەویستەکەی بووبێت. ئامانجی ئێمە روونە و لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان هەموو سازشێک دەکەین، ژیانی خەڵکەکەمان لەسەروو هەموو شتێکەوەیە و هەموو هەنگاوێکیش دەنێین لەو پێناوەدا.
