فەرماندەیەکی باڵای سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان برینداربوو و گیانی لەدەستدا
فەرماندەی سوپای تورکیا عەبدولڵا چیم دەمیرکان کە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەناوچەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا "کڵاو-لۆک" لە هەرێمی کوردستان برینداربوو ڕۆژی هەینی گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا، موقەدەم عەبدولڵا چیم دەمیرکان کە لە 4ـی تەمووز لە ئۆپەراسیۆنی "كڵاو-لۆک" لە ناوچەی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو برینداربوو و لە نەخۆشخانەی گوڵهان چارەسەری وەردەگرت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانی دوێنێ هەینی گیانی لەدەستداوە.
چەندین ساڵە سوپای تورکیا لەخاکی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و زیاتر لە چل بارەگای سەربازی بۆخۆی و هێزەکانی لە پارێزگای دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر دروستکردووە بە بیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەکاتێکدا هێرشە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 130 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا و لەسەرتای ئەمساڵ بەگوێرەی ئامارە پشتڕاستکراوەکان، 11 هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمانە تەنها ژمارەی ڕاگەیندراوەکانە، لەبەرامبەردا چەندین هاوڵاتی تری مەدەنی لە شەنگال و لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کراونەتە ئامانج.
