بافڵ تاڵەبانی سەردانی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانی كرد
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانی كرد و لەلایەن دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ و ژمارەیەک لە ئەفسەرانەوە پێشوازیلێكرا.
بەگوێرەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەكۆبوونەوەدا فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ نەخشەڕێگا و هەنگاوی داهاتووی هێزەكانی لە راپۆرتێكدا روونكردنەوەو جەختی لە رێكخستن و بەهێزتركردنی توانا سەربازییەكان كردەوە تاوەكو بەهەمووشێوەیەک ئامادەی پاراستنی كوردستان و ژیانی خەڵكەكەی بن.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانی كرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی كوردستان و رایگەیاند، ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئێوەیە هاوشانی هێزە ئەمنییەكانیتری كوردستان لە هەوڵەكانتان بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی كوردستان بەردەوامبن، فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكانیشتان فاكتەری بەهێزی و سەركەوتنتانە.
سەرۆك بافڵ ئاماژەی بەوەشكرد، ژیان و ئارامیی خەڵكەكەمان لەسەروو هەمووشتێكەوەیە، بۆیە پێویستە دەستێكی پۆڵایین بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنان و هیچ بوارێك بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمەكەمان مەهێڵنەوە.
