یەکێتیی داوا لە لایەنەکانی کەرکووک دەکات ناکۆکییەکان وەلا بنێن و پێکەوە بەشداربن لە پرۆسەی بەڕێوەبردن
ئەمڕۆ دووشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک کرا و جەخت لە پابەندبوون بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیایە لەنێوان سەرجەم پێکهاتە رەسەنەکانی ئەو شارە کرایەوە، ئەمەش بەپێی ڕاگەیاندراوێکی یەکێتیی.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی ڕاشبگەیاندووە، لە کۆبونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە بەتەنها هی یەکێتی و کورد نیە، بەڵکو دەستکەوتە بۆ هەموو کەرکوکییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە، چونکە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی مام جەلالە کە بەردەوام داکۆکی لە مافی گشت پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکووک بە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحییەوە کردووە.
هەر لەو بارەیەوە، بەگرنگییەوە باس لە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە حکومەتی خۆجێیی و ئیدارەدانی کەرکوک کرایەوە و جەختیش لەوە کرایەوە کە برا تورکمانەکان دڵنیا دەکەینەوە هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر؛ شوێنی گونجاوو شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکووک و یەکێتی داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانە و رازیش نابێت هیچ کەس و لایەنێک مافەکانیان زەوت بکات.
لەلایەکی ترەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی کرد کە لە ئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن وبا پێکەوە بەشدار بین لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکان و یەکێتی ئامادەی بەرپا کردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەیە.
