لە هێرشی فڕۆکەوانی تورکیا دوو ڕۆژنامەنووس بوونە قوربانی
دژەتیرۆری هەولێر لەبارەی بۆردوومانکردنی ئۆتۆمبێڵەکەی رێگەی سەی سادق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 23ـی ئابی 2024، کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی تەپەڕەشی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران.
لای خۆشیەوە میدیای فەرمی پەکەکە رایگەیاندووە، ئەو ئۆتۆمبێلە سەر بە کۆمپانیای چەترە بۆ کاری میدیایی و بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لەو سنوورە بوون.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی بۆردوومانەکەی سوپای تورکیا دوو ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا بە ناوەکانی هێرۆ بەهدین و گولستان تارا و برینداربوونی ڕۆژنامەوان ڕێبین بەکر، ئەمەش دوای ئەوەی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووە کە گوایە بە ئامانجگیراوەکان سەر بە پەکەکەن.
شایەنی باسە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 23ـی ئابی 2024، لە هێرشێکی درۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەوانی مەدەنی لە سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو لە سەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە و کەسی سێیەم بریندارە و برینەکەشی سەختە، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان بریندارکە خەڵکی چەمچمەماڵە و پیشەی ڕۆژنامەنووسە.
