ئامانجی سەردانی وەزیری دارایی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان
دوای ئەوەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو (7ـی ئەیلولی 2024)، شاندێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرپەرشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کە لەلایەن هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ژنە ئاسنینەکە ناسراوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
تەیف سامی بۆ دوو مەبەست سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی کرد لەبارەی دوو خاڵ کە بریتیبوون لە، داوای ڕێکخستنەوە و هاوتاکردنی باجەکان دەکات لەنێوان هەردوو حکومەتدا، بە ئامانجی کارکردن بەیەک سیستەم.
دووەم، دەیەوێت تەواوی داهاتە ناخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم ئەو کارەی نەکردووە و چارەنوسیشی ئاشکرا ناکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی حەوت مانگە ژنە ئاسنینەکەی عێراق تەنگی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵچنیوە، ئەوان لیستی مووچەی بۆ دەنێرن و ئەویش دنیایەک تێبینی لەسەری هەیە و ڕەتی دەکاتەوە.
بەگوێرەی پێشهاتەکان، هاتنی تەیف سامی بۆ هەرێمی کورستان وەک ئاماژەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپسراوەکانی مووچەو دارایی دەبینرێت.
