بکوژی گەشتیارێکی عەرەب لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا
شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی ڕووداوێک لە شەقامی بازنەی مەلیک مەحموود لە سلێمانی لەلایەن کەسێکەوە تەقە لە دوو گەشتیاری عەرب کرا و بەوهۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
هۆکاری درووستبوونی ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەست شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بەسەر یەکتریدا و دواتر لە نێوایاندا دەمەقاڵێ و گرژی درووستبووە و لە ئەنجامدا کەسێک کە برای بەرپرسێکی دژەتیرۆرە تەقەی لە دوو هاوڵاتییە عەرەبەکە کردووە و یەکێکیان گوللە بەر قاچی کەوتووە و ئەوەی تریشتان بەر سەری کە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆش لەسەر ئەم ڕووداوە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو (2024/9/19) لە شەقامی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لەنێوان سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێل دروست دەبێت، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەچەکی جۆری (دەمانچە) دوو هاوڵاتی بریندار دەکات و بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی یەکێکیان و تۆمەتبار بەخێرایی شوێنی ڕووداوەکە بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت.
ئەوەش خرایەڕوو، دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە 5 کاتژمێر تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکرا و رووبەڕووی یاسا کرایەوە.
