بەرپرسێکی پارتی: بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین
مەحەممەد كەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک، لە لێدوانێكدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک ناكەین، تاوەكو یەكلایی بوونەوەی ئەو سكاڵایەی لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک تۆماركراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەنجامی سكاڵاكە هەڵوێستی نوێیان لەبارەی بەشداریكردن یان بەشداری نەكردنیان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک ئاشكرا دەكەن.
لێدوانەکەی ئەو بەرپرسەی پارتی لە کاتێکدایە، ڕۆژی 10ـی ئاب فراکسیۆنی یەکێتیی و بزوتنەوەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سوننە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەبێ بەشداری پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەب لە بەغداد کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تهها وهک پارێزگاری کەرکووک ههڵبژێردرا.
لە بەرامبەردا، پارتی و بەرەی تورکمان و هاوپەیمانی عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک دژی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركووک لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵایی یاساییان تۆمارکرد، تێیدا داوایان کرد دانیشتنەكە پوچەڵبكاتەوە.
